فەرمانگەی ژینگەی هەولێر
یادەوەریەک لە مێژوو(ئەو فڕۆكەوانەی ئامادە نەبوو هەڵەبجە كیمیاباران بكات)
(19/4/2015)
شاڵاو محەمەد _ ڕۆژنامەی هاوڵاتی
"ئایدن پێش ئەوەی لە سێدارە بدرێت ووتی تۆ بڵێت لەدوای مردنم كورد ڕێزم لێبنێت "
...
دوای ئەوەی ژنەكەی رەتیكردەوە لەبارەی مێردەكەی قسە بۆ هاوڵاتی بكات، پەیامنێری هاوڵاتی هەوڵی زۆریدا تا لەزیاد لەسەرچاوەیەكەوە زانیاریی زۆرتر دەست بخات لەبارەی فڕۆكەوان (ئایدن مستەفا حەمید).
ئایدن لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوو بۆمبی كیمیایی بەسەر شاری هەڵەبجەدا بەربداتەوە، سەدام حسێنو عەلی كیمیایی ملیان كرد بەپەتا. 25 ساڵ تێپەڕی بەسەر كیمیایی بارانكردنی هەڵەبجەدا، هێشتا كورد وەكو پێویست ئاگاداری ئەو كەسە نیە باكی بەگیانی خۆی نەبوو لەبەر ئەوەی كورد نەكوژێ.
بنەماڵەكەی ئایدن پیربوونو سەریان نایەوە كەچی میللەتێك بەكارەساتی ئەوانی نەزانی. بڕیارە ئەمساڵ كورد خەڵاتیان بكاتو رێزیان لێبنێ.
ئایدن كێ بوو
پەیامنێری هاوڵاتی هەوڵی زۆریدا تا لەڕێی هاوڕێو ئاشناكانی ئایدن زانیاریی زۆرتر لەبارەی ئەو پیاوە پەیدا بكات، باش بوو زیاد لەچەند كەس هاوكارییان كردووە تا ئەو زانیارییانە دەست بخات.
ئایدن مستەفا حەمید ناسراو بەئایدنی فڕۆكەوان، ساڵی 1957 لەشاری كەركوك لەدایكبووە، توركمانێكی شیعەی ئەو شارەیە، ساڵی 1979 پەیمانگەی تەكنیكی كەركوك تەواو دەكات، دواتر بەكالۆریۆس دەخوێنێ لەبواری ئەندازیاری میكانیكی. هاوڕێكانی دەڵێن جیاواز لەپسپۆڕییەكەی خۆی ئارەزووی زۆری هەبووە بۆ فڕۆكەوانی.
هەروایكرد دوو ساڵو شەش مانگ چووە خولێكی راهێنانی فڕۆكەوانیو لەژێر چاودێری چەندین راهێنەری بیانی. ساڵی 1984 دەبێتە فڕۆكەوانێكی باشو لەسوپای عێراقدا ناوبانگ پەیدا دەكات، بەڵام هەر بەهۆی فڕۆكەوانی ژیانی لێسەنرایەوە. ئایدن لەتەمەنی 31 ساڵیدا لەسێدارە درا. باوكی سێ كچ بوو، بەپێی زانیارییەكانی هاوڵاتی كچەكانی ئێستا لەوڵاتی توركیا دەخوێنن (جەدیم) یەكێك لەكچەكانی خوێندكاری دكتۆرایە لەزانكۆی ئەنقەرە.
ئایدنو هەڵەبجە لەڕۆژەكانی دوای 14/3/1988
ئەوكاتەی هەڵەبجە لەلایەن پێشمەرگەو سوپای پاسدارانی ئێرانی ئازادكرا، رژێمی سەدام حسێن تۆڵەیەكی جەرگبڕی دەوێ باشترین رێگە بۆ ئەوان بەردانەوەی بۆمبی پڕكراوە لەكیمیایی بەسەر شارەكەدا. عەلی حەسەن مەجید ئامۆزای سەدامو هەمەكارەی رژێمەكەی لەكوردستان حەوت فڕۆكەوان دەست نیشان دەكات بۆ ئەوەی كارەكە ئەنجام بدەن، ئایدن یەكێكە لەوان.
عەلی كیمیایی ئایدن رادەسپێرێ سەركردایەتی ئەو فڕۆكەوانانە بكات كە دەبێ هەڵەبجە بۆردمان بكەن، ئایدن هەر زوو رەتیدەكاتەوە، رەتكردنەوەیەك دواجار گیانی خۆی لەسەر دانا.
بەپێی قسەی كەسێكی ئاگادار كە لەئایدنی بیستووە ئەو قسانە چوون بەبەینی عەلی كیمیاییو ئایدندا. عەلی كیمیایی: بۆچی ئەو كارە ناكەیت؟ ئەوە ئەركەو دەبێ ئەنجامی بدەی؟ ئایدن: دەمەوێت سەرۆكی فەرماندە سەدام حسێن ببینم، داواكەی سەریگرتو ئایدنیان برد بۆ لای سەدام لەشاری بەغدا، سەدامو ئایدن ئەو قسانە دەكەن. ئایدن: جەنابی سەرۆك، ئەو میللەتە خێر لەخۆ نەدیوە هیچیان نیە تا بەوجۆرە كۆمەڵكوژ بكرێن نەدەوڵەتیان هەیە نە هیچ كاتێك كیمیاباران دەكرێن ژنو منداڵو پیاو تیا دەچن كە هیچ تاوانێكی نەبووە ئەوان چەندین خەونیان هەیە، گەورەیی بنوێنەو دەستبەرداری ئەم كارەبە. سەدام حسێن: ئەوە كێشەكەیە كورد خۆی هیچ نیەو داوای شتی زۆر دەكات، بۆیە پێویستە كۆمەڵكوژ بكرێن. ئەوەی قەبوڵی نیە ئەو كارە بكات ملی دەكرێت بەپەتی سێدارەدا.
دوای ئەو وتوێژە كورتەی سەدامو ئایدن، ئایدن دەگوازرێتەوە بۆ زیندانو بەدرێژایی شەش مانگ ئەشكەنجەو ئازار دەدرێت، جگەلەوەش داوای لێدەكەن ئەگەر بە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە هەستێت، پلەی فڕۆكەوانی (رائید)ەوە دەكرێت بە (عەمید)، بەڵام ئەو كەسانەی لەنزیكەوە ئایدنیان لەزیندان بینیوە دەڵێن سوور بووە لەسەر هەڵویستی خۆییو حزبی بەعسی بەتاوانبار وەسفكردووە، دوابەدوای ئەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە. شەش مانگ دوای كیمیایی بارانكردنی هەڵەبجە، ئایدن لەمانگی (سێپتەمبەر- 9/ 1988) لەسێدارە دراو لەگۆڕستانی (موسەڵا) لەشاری كەركوك ئەسپەردەی خاك كرا.
بنەماڵەكەی: ئایدن دژی ئەنفالو كیمیاباران بوو
مەیسونە مستەفا خوشكی ئایدنەو نیشتەجێی (حەویجە) بوو رۆژی 2/8/2012 كۆچی دواییكردووە لەتۆمارێكی دەنگیدا كە دەست پەیامنێری هاوڵاتی كەوتووەو چەند مانگ بەر لەمردنی لەبارەی ئایدنەوە قسەی كردووە دەڵێت ئایدن پیاوێكی ئاشتیخواز بووە.
«ئایدنی برام هەمیشە شۆڕشگێرو ئازادییخوازەكانی خۆش دەویست، دژی كوشتنی ئینسانو ئەنفالو كیمیاباران بوو بەو گەنجیە ئامادەنەبوو بۆ پلەو پارە ویژدانی خۆی بفرۆشێ. بەمنداڵیش كاتێك یارییمان دەكرد دەمانوت تۆ گریمان پیاوكوژەكەی راستەوخۆ توڕە دەبوو دەیوت نا من پیاوە سواڵكەرەكەم پیاوكوژەكە پارەكەم لێ دەدزێو هەڵدێت.
ئایدن روحێكی گەورەی مرۆڤدۆستی لەناخیدا بوو «مەیسونە لەتۆمارە دەنگیەكەدا وا دەڵێ. بڵێی كورد رێزم لێ بنێن؟ هاوزیندانییەكی ئایدن چیرۆكی ئەو ماوەیە دەگێڕێتەوە پێكەوەبوون لەگرتووخانە.
بەگوێرەی قسەی (نەجات نوری) بێ، ئایدن لەزیندان زۆر ورەی بەرزبووەو ئاسوودە دەركەوتووە سەرباری ئەوەی دڵنیابووە لەسێدارەش دەدرێت. نەجات ئێستا نیشتەجێی شارۆچكەی (یایچی)ــە 25 كیلۆمەتر لەباشووری كەركوكەوە دوورەو قسەی بۆ هاوڵاتی كردووە «ئایدن پێی وتم لەسەر ئەوەی ئامادە نەبووم كیمیابارانی شاری هەڵەبجە بكەم، خراومەتە زیندان ئەگەری زۆرە لەسێدارەیش بدرێم، كە تێكەڵاوییمان زۆر بوو گریام بۆ چارەنووسەكەی، كەچی ئەو بەپێكەنینەوە وتی نەجات بۆ دەگریت لەپێناوی ئاسودەیی ویژدانم سەربەرزم ئەگەر بمرم، دواینجار هاتە لام وتی بڵێی رۆژێك بێت ئەو نەتەوەی خۆم كردە قوربانی بۆی رێزم لێبنێن؟ كاتێ ماڵاوایی كرد پێكەوە زۆر گریاین».
نەجات نەیشاردەوە گلەیی زۆری لەمیللەتی كورد هەیە لەئاست لەبیركردنی ئەو كەسە خۆبەختكەرەی لەپێناو ئەوەی ئامادە نەبوو بیانكوژێ بۆخۆی كوژرا «دەبوو ئێستا رەسمی ئایدن لەهەڵەبجە هەبووایەو گەلی كورد ستایشی هەڵوێستو قوربانیدانی ئەویان بكردایە«.
بەپێی قسەی چەند كەسێكی دیكە كە ئاگاداری ئەو فڕۆكەوانانەیە كیمیابارانی هەڵەبجەیان كردووە، بێ ئەوەی ژمارەیان دیاربێ دەوترێت فڕۆكەوانی كوردیشیان تێدابووە، هەرچەندە هیچ شوێنێك نەبوو راستی ئەو قسەیە بسەلمێنێ.
وەزارەتی شەهیدانو كاروباری ئەنفالكراوەكان بڕیارە لە16/3ی ئەمساڵدا رێز لەبنەماڵەو كەسوكاری ئایدن بنێو لەمەڕاسیمی یادكردنەوەكەدا ئامادەبن، فواد عوسمان وتەبێژی وەزارەتی شەهیدانو كاروباری ئەنفالكراوەكان رایگەیاند بنەماڵەی ئایدن لەبەغدا نیشتەجێنو بۆ ئەوەی رێزیان لێبنرێت بڕیارە بهێنرێنە شاری هەڵەبجەو خەڵات بكرێن.Visa mer
مافی پەخش و بڵاوکردنەوەی پارێزراوە بۆ فەرمانگەی ژینگەی هەولێر
Copyright © 2024