کاریگەرى گۆڕانى کەش و هەوا لەسەر ژینگەى کوردستان ئاماده‌کردنی : بەڕێز(عبدالله محمد عبدالله)بەڕێوبەرى فەرمانگەى ژینگەى هەولێر    
(29/1/2015)



زانایان و رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان بـەردەوام چاودێرى کەش و هەواى جیهان دەکـەن و سـاڵ بە سالیش زیـاتر جـەخت دەکەنەوە کـە ئـەو گۆڕانکاریانە درێژەیـان دەبێت و هەنـدێ لــە هۆکارەکان سروشتین و پەیوەندى بە گەردوون و شەبەنگى رۆژ هەیە کـە دەرچوونى تیشکى ئـاسایى لەپەپکى رۆژ ڕێژەکەى کەم بۆتەوە و تیشکەکانى ترى وەکو ژێر سوور و سەروى بنەوشەیى و هی تر زیاتر بوونە . وە هۆکارى گرینگى تر بریتیە لە دەرهاویشتەى چالاکیەکانى مرۆڤ لەسەر ئاو ، هەوا و خـاک کە بوونەتە هـۆى پیسبووتى ژینگە و بـەرز بوونەوەى پلەى گەرمى جیهان کە ناسراوە بـە (قەتیس بوونى گەرما (Global Warm- کە ئەمیش بەهۆى مانوەى گەرمیەکەو دەرنەچوونى بۆ دەرەوەى بەرگـە هەواى گـۆى زەوى دەبێتە زەقبونەوەو بەدیارکەوتنى چەندین دیاردەى وەک وشکـە سـاڵى ، خۆڵ بـارین ، بـاو بۆران و ڕەشەبـا ، لافـاو وتوانەوەى بـەفرى جەمسەرەکانى باکـوور و باشوورى گۆى زەوى ...هتد.ئەم دیاردانەش بەیەکەوە هەمووى لە کیشوەرێک یان وڵاتێک ڕوونادات ، بەنموونە : وشکەساڵى کەم تا زۆر لە وڵاتانى باکوور و خۆرئاواى کیشوەرى ئەفریقیاو دوورگەى عەرەبى و زۆربەى وڵاتانى ڕۆژهەڵاتانـى نـاوەراست دەگرێتەوە . وە ئـەو وڵاتانەى وشکە سـاڵى زۆر بە تووندى دەیانگرێتەوە دەبێتە هۆى نەمانى ڕووپۆشى گیایى زەویەکان و سەرچاوەى هەڵکردنى خۆڵ بارین و کاریگەرى خۆى دادەنێ لـەسەر وڵاتانى دەوروپشت و وڵاتـانى سەر ڕێرەوەکەى کـە دەگاتە کوردوستانیش.. وە بـاو بۆرانیش زۆربەى جـار کیشوەرى ئەمریکا بەتایبەتى وڵاتـە یـەکگرتووەکانى ئـەمریکا دەگرێتەوەو شارەکان وێران دەکـا ، وە لافاویش وڵاتانـى هیند و چین و بەنگلادیش و پاکستان و فلیپین و دەورو پشتى دەگریًتەوە . وە هەروەهـا توانەوەى بـەفرى بەستووى جەمسەرەکانى گۆى زەویش بـەتایبەت جەمسەرى باکوور وەکو (گریلاند)و بەرزبوونەوەى ئاستى ئاوى ئۆقیانوس و دەریاکان بۆتە هەڕەشە لەسەر دوورگەکان و نبمچە دوورگەى هیند و بەنگلادیش و ژێر ئاوبوونیان.جا کاریگەرى گۆڕانى کەش و هەوا لە داهاتوو ، لـە وڵاتێکەوە بـۆ وڵاتبَکى تـر جیـاواز دەبێت . هەندێکیان نەگبەتیەکە زۆر بە تووندى دەیان گرێت و ژیانى تێدا نامێنێت چ بە هۆى وشکە ساڵى و خۆڵ بارین چۆڵى دەکەن یان ژێر ئاو دەکەوێت . وە هەندێکى تریشیان بـەهۆى بەرزى تۆپۆگـراف و نزیک بوونەوەى دەریاکان لێیان و توند بوونى باران و لافا و ڕەشەبـا ، ڕێژەى باران بارین تیایـدا گونجاو دەبێ و بە خێرو بەرەکەت بۆى دەسووڕێتەوە کە هەست دەکرێ کوردستان لەم جۆرە ناوچانە بێت . ئەمە لە کاتێکدا گەر بزانیت بە شێوەیەکى گشتى لـە جیهان باران لـە ساڵـى 2013 کـەمى کردووە بە ڕێژەى 13% بە بەراورد لەگەڵ ساڵانى پێشوو .